عوسمانی حاجی مارف: چەند هەنگاوێک لە راستای ململانێی جەمسەرەکاندا، بە قازانجی چین و رووسیا و مطلبی کی تر

شخصی سازی فونت
  • کوچکتر کوچک متوسط بزرگ بزرگتر
  • Default Helvetica Segoe Georgia Times

ئەوەی لەشەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیادا دەگوزەرێ، واشنتۆنی خستۆتەبەردەم ستراتیژێکی نارۆشن بەرامبەر بە ئۆکرانیادا. هەموو پێوەرەکانیش ئەوە دەردەخەن کە ئۆکرانیا توانای پێشکەوتنی لە شەڕەکەدا لەدەستداوە، بەو پێیەی تواناکانی نزیکە لە نەبوون، ئومێدی سەرکەوتن تەواو لە تاریکیدایە بۆ ئۆکرانیا. هەربۆیە هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاوا، ئیتر  ئەو جۆش و خرۆشەیان بۆ سەرکەوتنی ئۆکرانیا شەڕەکە نەماوە. واشنتۆنیش تا ئەو ڕادەیەی کە قەناعەتی بەوەیە ڕووسیا لەم شەڕەدا سەرکەوتووە، پێیانوایە دەبێت سەرۆکی ئۆکرانیا ئەو ڕاستیە قەبوڵ بکات.

گەر پێمانوابێت ئێستا جیهان بەجۆرێک لە شەڕدایە، بەتایبەتی سیناریۆی ئەو شەڕەی ئیسرائیل دژ بە خەلکی غەززە پیادەی دەکات، ئەوا تایبەتمەندی سیاسەتە نێودەوڵەتیەکان لە ئێستادا دیاری دەکات. ئەمریکا بەهۆی بێتوانایی و پاشەكشەی ئۆکرانیا لە ڕوبەڕوبونەوەی لەشکرکێشی ڕووسیادا، زیاتر جەخت لەسەر پشتیوانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەکات ، چونکە چاوەڕوان دەکرێت ئەو شەڕەی ئیسرائیل دریژخایان بێت. گەر ئەمریکا ڕاستەوخۆ دەخالەت نەکات، ئەوە ئاشکرایە کە پێگەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دەکەوێتە بەر پاشەکشەو شکستی زیاترەوە.
شەڕەکەی ئوکرانیا لە ئەیلولی ٢٠٢٢ەوە بە هەموو پێوەرە پەسەندکراوەکانەوە لە ڕووی سەربازی و سیاسیەوە بە قازانجی ڕووسیا ڕۆیشتووە. ئێستا ڤلادیمێر پوتین کۆنتڕۆڵی خێرایی یاریەکەی کردووە. واشنتۆن لە شەڕی ئێستایدا زیاتر پێداویستی بەوەیە تەقەمەنی و خەرجی شەری ئیسرائیل دابین بکات. ناچار بوو ئۆکرانیا لەو پێداویستیانە بێبەش بکات کە پێش دەستپێکردنی شەڕی غەززە بۆی دانرابوو. ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی بەرچاوی پێگەی سەربازی ئۆکرانیا لە بەرامبەر ڕووسیادا.
لەهەمانکاتدا چین توانای ڕووسیا بۆ بەردەوامبوونی شەڕ دەباتە سەر. شی جین پینگ سەرۆکی چین، جەختی لەسەر هاوبەشیەکی بێسنور لەگەڵ ڕووسیادا ڕاگەیاندو  دانی بەوەدانا کە هەردوو وڵات بەردەوام دەبن لە کارکردنی پێکەوەیی دژی ئەو بلۆکە سیاسیانەی کە ئەمریکا پشڕەویان دەکات. لەلایەکی ترەوە چین لە چەند ڕوویەکەوە سوود لە ململانێی جیهانی وەردەگرێت و لەهەمانکاتدا پاڵپشتی ڕووسیاو ئێران دەکات. هەروەها سەرکەوتنی پڕوپاگەندەی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت لەو ناوچانەی جیهان کە لایەنگری دەخالەت و سیاسەتی دەرەوەی بلۆکی ڕۆژئاوا نین. لەلایەکی تریشەوە فشارەکانی بۆ سەر تایوان و ژاپۆن و فلیپین چڕتر کردۆتەوە.
گەر کەمێک لەسەر پەیوەندی ئابوری نێوان چین و ڕووسیا وردبینەوە، دەبینین قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان پەکین و مۆسکۆ لەماوەی ئەمساڵدا بەڕێژەی لەسەدا ٣٠ زیادیکردووە. پێشبینیش دەکرێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی ئابووری نێوان هەردوو وڵات لەماوەی هەمان ساڵدا لەو ژمارەیە پێوانەیی زۆر زیاتر بێت لەوەی ساڵی ڕابردوو کەبە ١٩٠ ملیار دۆلار تۆمارکرابوو.
ئێستا زیاتر لە یەک لەسەر سێی کۆی هەناردەکردنی نەوتی ڕووسیا بۆ چین دەڕوات. ئەمەش دڵنیایی دەدات لە بەردەوامی ڕۆیشتنی پارە بۆ حکومەتی ڕووسیا بۆ دابینکردنی دارایی شەڕەکەی لە ئۆکرانیا. چین بووەتە یاریزانێکی سەرەکی لە بازاڕی بەکاربەرانی ڕووسیادا. لە سەدا پەنجای فرۆشی ئۆتۆمبێل لە بازاری ڕووسیا ئۆتۆمبێلی دروستکراوی چینییە. ئەم جۆرە لە ئاستی پەیوەندی ئابوری، ئەو سزا ئابوریانەی ئەمریکا دەیەوێت بیسەپێنێت، پوچەڵ و بێمانا و بێکاریگەر دەهێڵێتەوە.
سەرقاڵبوونی ئەمەریکا بە پشتیوانیکردنی شەڕەکانی هاوپەیمانەکانی لە جیهاندا، دەرگایەکی ئاواڵای بۆ چین دابین کردوە کە جموجۆڵە سەربازیەکانی لە هەردوو دیوی زەریای هێمن چڕتر بکاتەوە. لە ڕووی سیاسیەوە کاتێ چین پاڵپشتی هاوپەیمانەکانی بکات لە ئەوروپا و ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتدا، ئەمەش پێگەی واشنتۆن لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا وەک جەمسەرێک لاوازتر کردوە. ئەو هێرشانەی لە ڕێگەی ڕێکخراوە پاشکۆکانی ئێرانەوە لە ناوچەکەدا لە دژی ئامانجە ئەمریکی و ئیسرائیلیەکان دەستی پێکردووە، ئەگەری زۆرە مەودای ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر بکات و سەرگێژەی زیاتر بۆ ئەمریکا دروست بکات. لەلایەکی ترەوە چین خۆی وەک ناوبژیوانێکی دادپەروەرانە بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا پیشان ئەدات، بە پێچەوانەی ئەمریکا کە بە ئاگری بنکای ئەم شەڕانە دادەنرێت.
جگە لەوەش باس لەوە دەکرێت کە چین یارمەتی ئێران دەدات بۆ پەرەپێدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی و هەناردەکردنی بۆ ڕووسیا، جەختی لەوەش کردەوە کە ڕووسیا بەشێکی سەرەکیە لە ستراتیژی درێژخایەنەکەی بۆ پەرەپێدانی هاوبەشیەکی ستراتیژی هەمەلایەنە لە نێوان چین و ڕووسیا.
چین و ڕوسیا وەک هاوبەشێکی پتەو لە پڕۆژەی خۆیاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هاوپەیمانی ئەمریکی و دامەزراندنی نەزمێکی جیهانی خۆیان وەک جەمسەرێک بە بەدیل دەبینن. بۆیە سەرکەوتنی ڕووسیا لە شەڕی دژی ئۆکرانیا بۆتە ئەولەویەتی سەرەکی بۆ چین.
لەهەمانکاتدا ئێران بەرەو ستراتیژێکی هێرشبەرانە و بەهێزکردنی "میحوەری خۆڕاگری" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاو دەنێت. لەکاتێکدا ڕێکخراوەکانی هاوپەیمانی تاران هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئیسرائیلیەکەیان لە ناوچەکەدا. لە سایەی هاوکاریەکانی چین، ئێران دەتوانێت بۆ ماوەیەک بەردەوام بێت لە دابینکردنی دارایی ستراتیژی خۆی. لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین گەڕاوەتەوە بۆ ئاستەکانی پێش سەپاندنی سزا نێودەوڵەتیەکان بەسەر تاراندا.
هاوردەکردنی نەوتی ئێرانی، لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بۆ چین گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ. بووەتە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێران. لەهەمانکاتدا پەکین پاڵپشتی سەربازی و دیپلۆماسی تاران دەکات. ئێران بە هاوکاری چین بە فەرمی پەیوەندی بە ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای کرد کە بلۆکی ئەمنیە بە سەرۆکایەتی چین و ڕووسیا. هەروەها پەیوەندیە سەربازیەکانی نێوان پەکین و تاران لە گەشەکردندایە. ئێران لەم دۆخەدا ئێستا  پشت بە چین دەبەستێت وەک دەمەوانە(صمام)ی سەلامەتی ئابووری.
ئیدارەی بایدن هیچ ئاماژەیەک نابینێت کە سەرۆکی ڕووسیا ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا. بەرپرسانی ڕۆژئاوا پێیانوایە کە پوتین هێشتا پێیوایە دەتوانێت "چاوەڕوانی ڕۆژئاوا" بکات، یان بەردەوام بێت لە شەڕکردن تا ئەو کاتەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پشتیوانی ناوخۆیی بۆ دابینکردنی بودجەی ئۆکرانیا لەدەست دەدەن. ئۆکرانیا لە شەڕێکی درێژخایەندا گیری خواردووە. زیلێنسکی دان بەوەدا دەنێت کە ڕووسیا باڵادەستی لەوەدا هەیە. لەهەمانکاتدا تەواو نیگەران و بێئومێدە  لەو دۆخەی کە ئەمریکاو رۆژئاوا پاشەکشەو بنبەستی ئۆکرانیا قەبوڵ دەکەن. بەڵام زیلێنسکی زارەکیش بێت پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئۆکرانیا هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە پاراستنی پێشڕەوی خۆی بە مانەوە لە هێرشبردندا، تەنانەت ئەگەر ڕۆژانە تەنها چەند مەترێک بجوڵێت.
بەجیا لە نیگەرانیەکانی نێوان بەرپرسانی ئەمریکی و ئەوروپی کە شەڕەکە گەیشتۆتە بنبەست، هەروەها ئۆکرانیا لەگەڵ فراوانکردنەوەی هێزی سەربازیدا کێشەی هەیە، لەم دواییانەدا ناڕەزایەتی گشتی بەخۆیەوە بینیوە لەسەر هەندێک لە مەرجە ئاشکراکانی بۆ فراوانکردنەوی هێزی سەربازی کە لەلایەن زیلێنسکیەوە سەپێنرا.  لەهەمان کاتدا ئەوەش ئاشکرایە کە ڕووسیا لەڕووی توانایی سەربازی و کەرەستەو کۆکردنەوەی چەکەوە باڵادەستی سەربازی بەسەر کیێڤدا هەیە، بۆیە فراوانکردنی شەڕەکە و بەردەوامیدانی چیتر بژاردەیەک نییە بۆ ناتۆ.
پێموایە لەم نێوەدا ئەوەی هۆکاری سەرەکیە کە پۆتین چاوەڕوان دەکات، ئۆکرانیا و ئەمریکا و ڕۆژئاوا شکستی خۆیان لەم شەرەدا ڕابگەیەنن، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئەو ناسەقامگیریە مەترسیدارەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە تووشی بوەو لەبەردەم دۆخێکی دژواردایە. هەروەها واپێدەچێت پۆتین بیەوێت لەم فەزایەدا فرسەت بە بایدن و ڕاوێژکارەکانی بدات بۆئەوەی لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی بنیامین نەتانیا بن، ئەو قەیرانە مرۆییە دڵتەزێنەی ئێستا لە غەززەدایە بەجۆرێک بخەنە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکاوە.
دۆخی ئێستای جیهان لە چڕی ئەم ململانێیەدا، بلۆکە ئیمپریالیەکان ئەو ئاقارە نیشان ئەدەن کە کۆتایی باڵا دەستی ئەمریکای تیا بەرجەستە بۆتەوە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا بینیمان کە پێشبینیەکان سەبارەت بە دابەزینی ئەمریکا گەیشتونەتە لوتکەو پێدەچێت هەژموونی ئەمریکا لە ڕاستیدا گەیشتبێتە کۆتایی. لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لەئەفغانستان و ڕادەستکردنەوەی بە تاڵیبان، دوای ٢٠ ساڵ لە شەڕو خەرجکردنی ٢ تریلیۆن دۆلار لە گەنجینەی ئەمریکا، ئێستا خۆری دەسەڵاتی ئەمریکا ئاوا بووە. ئەوەش کە دەیانوت؛ بە "هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت، ئەمریکا دوا زلهێزی جیهان دەبێت"، بەڵام دوای  ٣٠ ساڵ و سەرهەڵدانەوەی بلۆکی تر، گەرمبونی ململانێکان لەبەرامبەر ئەمریکادا، بەتایبەتی لە لایەن ڕووسیاو  چینەوە، ئەو پێشبینیەی کە ئەمریکا دوا زلهێزی جیهان دەبێت، پێشبینیەکی نادروست و پێچەوانە بوو، چونکە لە کۆتایدا لەگەڵ شکستەکانی ئەمریکا لە شەڕە بێکۆتاکانیدا، ئەمریکا گازێکی گەورەتری لە دەمی خۆی دەرهێناوەو کەوتۆتە ژێر فشارێکی توندەوە، لەلایەکی تریشەوە تەواوی زلهێزەکانی لە ململانێ و ڕکابەریدا پێش بە یەکتر دەگرن، لە کۆتایدا دەیانەوێت تۆپەکە لە دەسەتی ئەمریکا بهێننە دەرەوە، لە رستیدا دەبینین خەریکە هاوسەنگی هێزی جیۆپۆلەتیکی لە واشنتۆنەوە بەرەو میحوەرێکی تر دەگۆڕێت، بۆ مۆسکۆ، پەکین، تاران، ئەمەش ئاڵوگۆڕێکی  سەرنجڕاکێشە، بەرەو ئەوەمان دەبات کە بڵێین جیهان، بە "ئەمریکی-سەنتەری" دەوری نەماوەو زیاتر لە فرە جەمسەریدایە، کە ململانی جەمسەرەکان نیشانی ئەدەن کە دنیا ئێستا لە دوبارەبونەوەی پەرەسەندنی ململانێی بلۆکەکاندا دەردەکەوێتەوەو لە چوارچێوە نەزمێکی سەرمایەداریدایە، کە فۆرمۆڵەکەی رۆشن نیە. ئاخۆ هەر بلۆکی یا جەمسەرێک نوێنەرایەتی کام مۆدێل لە پەیوەندیەکانی سەرمایەداری دەکات.
هیوادارم ئەم وتارە لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە وەک سەرەتایەک بێت بۆ قسەوباس لەسەر ئەو ئاڵوگۆڕو پێشهاتنەی دنیای سەرمایەداری کە لەسەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە دەورانێکی جیاوازی لەخۆ گرتووە.

 

 

عوسمانی حاجی مارف: دادگای باڵای فیدراڵی ئامرازی دەستی لایەنێکی سیاسیە

ڕۆژی 14ی نۆڤەمبەر دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، جەنجاڵیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، کاتێک بڕیاری سکاڵایەکی لەسەر محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەرکرد، لە کۆتایدا بڕیاریدا ئەندامێتی حەلبوسی لە ئەنجومەنی یاسادانان هەڵبوەشێنێتەوە، لە بەرامبەر ئەم بریارەشدا فرسەتی هیچ تانەدانی  بۆ حەلبوسی نەهێشتەوە. دەمەزراندنی دادگای باڵای فیدراڵی لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، بەو ناوەی هێڵی بەرگری بۆ سەروەری یاسا لە عێراقی دوای سەدامدا دەبێت.

دەسەڵاتێکی فراوان بەخشرا بەم دادگایە لە دیاریکردنی دەستوریەتی یاساکانی یاسادانان و ڕێکخستنەکان، ناوبژیوانی گرفتەکانی نێوان بەغدا و پارێزگاکانن، پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری تایبەت بەسەر لێپێچینەوە دادوەریەکان دژی دەسەڵاتە باڵاکانی حکومەت. هەروەها دادگا چەندین گەرەنتی بۆ سەربەخۆیی خۆی (وەک دەسەڵاتێکی دادوەری) پێدرا، لەوانە لەسەر ئاستی کارگێڕی و دارایی.
بەڵام شەرعیەتی دادگای باڵای فیدراڵی و دەوری لە بریارەکانیدا هەمیشە جێگای نیگەرانی و مشتومڕی لایەنە سیاسیەکان بووە، هەروەها ڕەخنە لەو دادگایە بە هێمای پەیوەست بونی تائیفەگەری گیراوە، چونکە لە هەمان کاتدا ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەکتەرەکانی دیکەی پێکهاتنی حکومەت لە چوارچێوەی هەمان تائیفەگەریدا رێکخراون و بە قازانجی دەسەڵاتی شیعە گەرای سەر بە ئێران بڕیارەکانیان گونجاندوە.
دیارترین نموونەی ئەمەش ئەوەیە کە ئەم دادگایە لە ساڵی ٢٠١٠دا ڕێگەی بە دووبارە دانانەوەی نوری مالیکی وەک سەرۆک وەزیران داوە، سەرەڕای ئەوەی پارتەکەی ئەیاد عەلاوی زۆرینەی دەنگەکانی لە کێبڕکێی پەرلەمانی ئەو ساڵەدا بەدەستهێناوە، بەڵام کەوتە ژێر پەردەی بە سیاسی بونی ئەو دادگایەی کە بڕیار وابو بەرگری لە سەروەری یاسا بکات.
دادگای باڵای فیدراڵی لە ساڵانی ڕابردوودا بە تایبەت لە سەرکردایەتی دادوەر فایق زەیدانەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٧ بووە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و هاوپەیمانی ئۆردوگای لایەنگری ئێران، توانیان جێگا بە سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی مەدحەت مەحمود لێژکەن وە ناچارکرا خانەنیشین بێت، لە هەمان کاتدا بووە هۆی زیادبوونی ژمارەی دادوەرە شیعەکانی سەر بە ئێران کە لە پارێزگاکانی باشوورەوە دیاریکران، بەم شێوەیەش خزمەتگوزاریەکانی ئەم دادگایە، بێ پەردە کەوتە خزمەت بەرنگاری دەسەڵاتێک کە بڕیاەکانی لە پەیوەند بە بەرژەوەندیەکانی ئێرانەوە دەردەچێت.  
دواتر دادوەر فایق زەیدان دەسەڵاتە نوێیەکەی بەکارهێنا بۆ جێبەجێکردنی گۆڕانکاریە گەورەکانی دادوەری، بۆ نموونە ئەنجومەنی باڵای دادوەری لیژنەیەکی بۆ "بەڕێوەبردنی پیشەکان" دروستکردو دەسەڵاتی فراوانی پێدرا بۆ بەرزکردنەوەو  درێژکردنەوەی دەسەڵات و نفوزی، هەروەها خانەنشینکردنی دادوەرو داواکاری گشتی، لە بنەڕەتدا زەیدان دەسەڵاتی دانان و دوورخستنەوەی سەرجەم دادوەرەکانی وڵاتی پێ بەخشرا. هەروەها پێگەی نفوزی خۆی بەکارهێنا بۆ کاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی، لەوانە دەستنیشانکردنی سەرۆکی نوێی دادگای باڵای فیدراڵی، جاسم محەمەد عەبود، کە بە کەسێکی دڵسۆز بۆ زەیدان ناسراوە.
کاتێک لە ساڵی ٢٠٢١دا دوای چەند مانگێک کە بانگەوازی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانیان کرد، ئامادەکاریەکانی حکومەت بۆ ئەو دەنگدانەش بریتی بوو لە چاکسازی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان. زەیدان بە خێرایی سوودی لەم پرۆسەیە وەرگرت و دڵنیای کردەوە کە  ئەنجومەنی کۆمسیۆن  "مجلس المفوضية" لە دادوەرەکان پێکدێت بۆ ئەوەی خۆی و بازنەکەی بتوانن کاریگەریان هەبێت لەسەر بڕیارە گرنگەکانی پێش هەڵبژاردنەکان.
لە چەند هەفتەی دوای دەنگدانی مانگی ئۆکتۆبەر، زەیدان بە شێوەیەک دادگای باڵای فیدراڵی ئاڕاستە کرد کە پشتیوانیان لە بلۆکی لایەنگرانی ئێرانی دەکرد،. لەسەرەتادا وادەرکەوت دادگاکە هەڵوێستێکی هاوسەنگی گرتۆتەبەر بە پەسەندکردنی سەرکەوتنی هەڵبژاردن کە بلۆکی سەدریەکان بەدەستیان هێناوە، بەڵام زۆری نەخایاند دادگای باڵای فیدراڵی زنجیرەیەک بڕیاری لە بەرژەوەندی "چوارچێوەی هەماهەنگی" دەرکرد، بە قازانجی شیعەکانی سەر بەئێران و بە پەراویز خستن و دژایەتی کردنی سەدریەکان تەواو بو.
ڕەنگە گرنگترین ئەوە بڕیارەی کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێوە هەیەو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بڕیار دەدرێت، کەهەنگاوی یەکەمی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتە، دادگا بەجۆرێک بڕیاری چۆنیەتی بڕوانامەدان بە دەنگدان بۆ سەرەک کۆمار لە بەرژەوەندی "چوارچێوەی هەماهەنگی" گۆڕی، لە بەرامبەردا زەمینەی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدرو  هاتنی "چوارچێوەی هەماهەنگی" بۆ دەسەڵات خۆشکرد.
هەروەها دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری دەرکرد کە بووە هۆی سزادانی نەیارانی سیاسی ئۆردوگای لایەنگری ئێران، لە شوباتی ٢٠٢٢ دادگا یاسای سامانە سروشتیەکانی ساڵی ٢٠٠٧ی حکومەتی هەرێمی بە نادەستووری ناساند، بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو چوارچێوەیەی هەڵوەشاندەوە کەحکومەتی هەرێم بتوانێت نەوت بفرۆشێت، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی پاڵنەرێکی سیاسی ڕوونیشی هەبوو، ئەویش گوشار خستنە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وازهێنان لە ئۆردوگای سەدر، هەر ئەمەشە کە سەدرو حەلبوسی و بارزنی نەیانتوانی حکومەتێک پێکبهێنن تا فراکسیۆنە لایەنگرەکانی ئێرانی بکاتە دەرەوە، لە ئاکامدا ئەم دەستێوەردانە پەرچەکرداریە دەرگای بۆ "چوارچێوەی هەماهەنگی" کردەوەو گەیشتە ئامانجەکەی و حکومەتی پێکهێنا.
لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا کە گواستنەوە لە بودجەی فیدراڵیەوە بۆ حکومەتی هەرێم نادەستووریەو لە مانگی ئایاریشدا هەوڵێکی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی ئەنجومەنی نوێنەرانی هەرێمی هەڵوەشاندەوە.
ڕۆژی 4ی ئەیلول، دادگای باڵای فیدراڵی ئەو یاسایەی هەڵوەشاندەوە کە ڕێککەوتنی عێراق و کوێت لە ساڵی 2012 بۆ ڕێکخستنی کەشتیوانی دەریایی لە ڕێڕەوی ئاوی خورعەبدوڵڵا پەسەند دەکرد. دۆسیەکە لەلایەن نوێنەری “بلۆکی حوقق”ەوە تۆمارکراوە، کە دەزگایەکی سیاسیە و سەر بە میلیشیای “کەتیبەکانی حزبوڵڵا”یە، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، ڕەنگە ئەو پرسە لە ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییەی نێوان تاران، کوێت و عەرەبستانی سعوودیە سەبارەت بە ئیستغلال کردنی کێڵگەی گازی سروشتی "دۆڕە" سەرچاوەی گرتبێت. لە هەر حاڵەتێکدا ئەو بڕیارە هەڕەشەی پەکخستنی توندی پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی نێوان بەغدا و کوەیت دەکرد، ئەمەش وایکرد محەممەد شیاع سودانی، دەستوەردان بکات. لە کۆتایدا زەیدان ئاماژەی بە ئەگەری پێچەوانەکردنەوەی ئەو بڕیارە کرد.
بڕیارەکەی دژی حەلبوسی لە ١٤ی نۆڤەمبەردا بەزیادەوە درێژەپێدەری هەمان ڕەوتی سیاسی بونی ڕێوشوێنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی سەلماند، حەلبوسی بەدرێژایی ساڵان توانی ببێتە سەرکردەی سیاسی سونەکان، سەرەڕای گۆڕانکاری زۆر لە حکومەت و هەوڵی دووبارە بۆ دەرکردنی، توانی ڕۆڵی سەرکردایەتی خۆی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بپارێزێت، بەڵام لە کۆتایدا بە بڕیارێکی دادگای باڵا لە کارەکەی دوور خرایەوە. 
بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی کە هاوتەریبە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی تاراندا، لەلایەکی ترەوە نابێت ئەوەش لە بیربکەین ، زۆرجار مەیلێک بەرەو هەنگاوەکانی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی عێراقی ئاشکرا دەکەن، تا چوارچێوەیەک لە دابینکردنی ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاری بەڕێوەبەرن، بەتایبەتی ئامانجەکانی هەوڵدان بۆ ناوەندکردنی دەسەڵات لە بەغدا و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی هەرێم، چاکسازی لە دەستوور بۆ شکاندنی سووڕی درێژخایەنی قەیرانەکانی دوای هەڵبژاردن، هەوڵدانە لە کۆتایی هێنان بە ناسەقامگیری لە سایەی دەسەڵاتی یەکلایەنەی چوارچێوەی هەماهەنگیدایە.
زەیدان بەناوی بەدواداچوون بۆ باڵادەستی دادوەری یاریکردنی بە یاساکان نیشانداوە، کە یەک بگرێتەوە لەگەل بەرژەوەندی و دەخالەتی ئێران لە عێراقدا، هەروەها گونجاندنی لەگەڵ ئەو لایەنانەی نوێنەرایەتی سیاسەتەکانی ئێران دەکەن، بەم پێیە سیستمی قەزایی نەخستۆتە بەرامبەر ئەو میلیشیایانەی ئێران پاڵپشتیان دەکات
هاوکات ئەو هاوبەشانەی دەیانەوێت دەستی ئێران لەسەر عێراق شل بکەنەوە، دادگا بە وردی و بە ئارامی مامەڵەی پاشەکشەکردنیان پێدەکات، چونکە دادگای باڵای فیدراڵی  لە چوراچێوەی حوکمرانی ئێستای عێراقدا سنووری خۆی تێپەڕاندووە، لەگەڵ دەورەیەکی تازەی هەوڵدان بۆ ناوەندکردنەوەی حکومەت لە عێراقدا بڕیارەکەنی دەگونجێنێت، واتە هەڵبژاردن و پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت، ناکۆکی جۆراوجۆری نێوان بەغدا و هەولێر و لایەنە سیاسیەکان لە عێراقدا نیشان ئەدات، بۆیە دەبێت  پابەند بێت بە بەرجەستەکردنەوەی دەسەڵاتێک کە باڵا دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر عێراقدا قەبوڵ کات، بەرەنگاربوونەوەی نفوزی ئێران لەناو خودی دەسەڵاتی  دادوەریدا پێویستی بەوە دەبێت کە دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا لە دەست هێژمونی چوارچێوەی هەماهەنگی بهێنرێتە دەرەوە.
ئەوەی پێویستە لە ئاکامی سەلماندنی پاپەندی بونی دادگای باڵا، کەبە لایەنگرو پشتیگیرکردنی بۆ لایەنێک لە دەسەڵاتدا دامەزراوەو پێچەوانەی نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی عێراقە، شەرمەزاریە ببێتە جێگای ئومێدی هەرلایەنێکی سیاسی کە چاوەڕوانە لە ڕێگەی بڕیارەکانی ئەم دادگایەوە دەستکەوتێکی هەبێت، ئەم حاڵەتە لە تایبەتمەندی لایەنە ئیسلامیەکانی کوردستان و بزوتنەوەی نەوەی نوێدا زۆر بەرجەستە بۆتەوە، کە بە دروستکردنی تەوەهومی داوای سکاڵا لەو دادگایە باس لەوەرگرتنی خواستەکانی خەڵک دەکەن و ئومێدی بێ پایە دەبەخشنەوە لەسەر ئەو دادگایەی یەک هەنگاو نانێت گەر لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبێت، راشکاوانە ئامرازێکی دەستی شیعەگەرایە لە پەیوەند بە "چوارچێوەی هەماهەنگیەوە".
---------------------------------
بۆ ئەم وتارە سود لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە
فهم قرارات "المحكمة الاتحادية العليا" المسيسة في العراق
سيلين أويسال
https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/fhm-qrarat-almhkmt-alathadyt-allya-almsyst-fy-alraq