نەمانی تەواوی متمانەی نێوان هەرێم و بەغدا، پەیوەندیەکانی نێوانیانی بەرەو ئاڵۆزی و ناڕۆشنی بۆ ئایندەیەکی نادیار بردوە، کەلەم نێوەدا هەر ڕێکەوتن و پرتۆکۆلێک و بنەمای دەستوری پێشویان هەرچیەک بوبێت، بواری کارکردنی هاوبەش و پێکەوەییان لە حوکمڕانی و دەسەڵاتی سیاسیدا لەدەستداوە. کارکردنێک کە لەناواخنی ڕێکەوتنی هێزی میلیشیاو لەسەر تاڵانی و گەندەڵی و دزیەوە بەرهەم هاتووەو یەکیانگرتووە.
ئاڵۆزی ئەم پەیوەندیەش لە ژێر کاریگەری هاوسەنگی هێزەکاندا بەم ئاکامەی ئێستای گەیشتووە، کە لەسەر بنەمای پێگەی پێکهاتەی هیزە میلیشیاکان، بازاڕی کەڵەکەی سەرمایە دابەشکراوە.کاتێک دۆخی هێزە میلیشیاکانی عێراق خۆیان نەگرتووەو پێگەی لاوازیان هەبوو، هەموو شتێکیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دابەشدەکرد، پارتی و یەکێتیش لەڕیزی پێشەوەی ئەو دابەشکردنەدا بێمەرج وەستان و لێیان خوارد.
ئەوەی ئێستا پێشهاتووەو بە ئاراستەی ئایندەی دۆخی عیراقدا دەڕوات، زاڵبونی سیاسەت و ڕوانگەی حکوومەتی فیدراڵی و بەرزبونەوەی پیگەی ڕەوتی سیاسیی شیعەیە لە پەیوەندو ئاوێزانبون بە بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەناسرێت. ڕێڕەوی ئەم زاڵبونەش دەیەوێت دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بخاتە ناو هێژمونی هەمان چوارچێوەی یەکپارچەیی عێراق و ملکەچی دەسەڵاتی شیعەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی و سەدریەکان نوێنەرایەتی دەکەن. ئەمەش ئەو فشارەیە کە مانای چارەنوسێکی کۆتایی یان سنوردار خەریکە بۆ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دیاری دەکات. لێرەشەوە دەتوانین بڵێین قەوارەی هەرێم لە مەترسی زیاتر بچوکبونەوەو لە ناوچوندایە.
لەهەمانکاتدا بەغدا دەبینێت بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانی هەرێم پیگەی سیاسی و سەربازییان مانایەکی نیە و پارتی و یەکیتیش لە دژایەتی یەکتردان، بۆیە هەلێکی گونجاوە بۆ حکومەتی عێراق پرۆژەی ناوەندکردنەوەی عێراق بە خێراتر بەڕێوەبەرێت. لەلایەکی تریشەوە سەختی دۆخی هەرێم لەوەدا خۆی نیشان ئەدا، لەدەستدانی تەواوی متمانەی خەڵکە بە حکومەت و دامەزراوە سیاسی و یاساییەکانی هەرێم. ئەمەش خاڵێکی تری سەرنج ڕاکێشە لە نیشاندانی لاوازی حزبە میلیشیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە بەردەم جەماوەرێکدا کە سی و دوو ساڵە لە چاوەڕوانی و بێئومێدی و نەهامەتیدا ڕایانگرتون. دەبینین بەغدا وەڵام بە شایستە داراییەکانی هەرێم ناداتەوەو موچە نانێرێت، بەڵام تائێستا خەڵک دژی بەغدا ناڕەزایەتیان نیشان نەداوە.
ئایندەی قەبارەی هەرێمی کوردستان باس و مەسەلەیەکی سەرنج ڕاکێشە لە ناوەندێکی بەرفراواندا. بە جۆرەها دەستەواژە تەعبیر لە کۆتایی و هەرەسهێنان و ئاشبەتاڵ و لەبەینبردنی دەکرێت. تا ئەو ئاستەی لەنێو سەرکردایەتی حزبەکان و دەسەڵاتدارانیشدا پێشبینی ئەو مەترسیە لە ژیانی سیاسی ئەزمونی حکومەت و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەکرێت.
بەغدا بەردەوام گوشارەکانی لەسەر هەرێم توندتر دەکاتەوەو بێنەوبەرەو یاریان پێدەکات. کە لەم بارەیەوە بەغدا هیچ مەترسی و دودڵیەکی نیە لە پەرچەکرداری مەترسیداری هێزەکانی پارتی و یەکێتی، چونکە پێگەو توانا سەربازیەکانیان و نائامادەییان بۆ شەڕ باش دەناسێ. چونکە توانایی هێزە میلیشیاکانی عێراق ڕێکخراوترو بەتواناترو ئامادەترە. هەروەها پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی هەیە، چونکە ئێران پارێزەری ئەو سیستەم و حوکمڕانیەی ئێستایە کە لە بەغدا هەیە. تا کۆماری ئیسلامی مابێت، ڕێگە نادات ئەم حکومەتەی عێراق بگۆڕدرێت. ئەمەش بەو مانایە دێت کە تائێستا هیچ ڕوناکیەک بۆئەوەی ئاڵوگۆڕێک لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بێتەدی، بەدی ناکرێت.
هەربۆیە عێراق وەک پێگەی دەوڵەتبوون، لەڕێگەی دادگای فیدراڵی عێراق و بە بڕیاردان بە نادەستوری ناساندنی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی ئەو وابەستە ئابوریەی کە هەرێمی کوردستان هەیەتی بە بەغداوە، عێراق بەو میکانیزمە دەسەڵاتی خستەگەڕو لە شادەماری ئابوری و دیبلۆماسی هەرێمی کوردستانی داو تەواو سنورداری کرد، کە لە ئایندەدا لەدەستدانی ئەم مامەڵەو بازرگانیە بە نەوت، پێگەی سیاسی و دیبلۆماسی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوخۆو دەرەوەدا تەواو لاوازترو بێدەسەڵات دەکات.
بەغدا بەحوکمی ئەو پێگە سیاسی و نێودەوڵەتیەی کە هەیەتی، توانیویەتی لە گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان جگە لە دادگای فیدراڵی، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوت و پەرلەمانی عێراق و بانکی ناوەندی و چەندان دامەزراوەی تری فیدراڵی کە لەژێردەستی دەوڵەتدان، فشارێکی گەورە بخاتە سەر هەرێمی کوردستان.
لەهەمانکاتدا نابێت ئەوە لەبیربکەین کە ئەو ئاڵوگۆڕەی لە هەلومەرجی سیاسی ناوچەکەدا پێشهاتووە بەگشتی لە بەرژەوەندی عێراقدا دەردەکەوێت و نەک هیچ خێرێکی بۆ هەرێم نیە، بەڵکو ئاراستەکانی وەها نیشان ئەدات کە زیانی زیاترە بۆ قەوارەی هەرێم. ئەو هەنگاوانەی لەوبارەیەوە دەرکەوتەی ئەرێنیان بۆ عێراق نیشانداوە، نزیکبوونەوەی وڵاتانی کەنداوە لە عێراق، بەتایبەت سعودیە و قەتەر و ئیمارات. هەروەها نزیکبوونەوەی تورکیا و وڵاتانی کەنداو، نزیکبونەوەی ئێران و ئەمریکا، هەستانەوەی ڕژێمی ئەسەد و هتد، پشتیوانیەکی گەورەن بۆ زیاتر بەرزبونەوەی پێگەی حکومەتی عیراق. لەهەمانکاتدا پێویستە ئەوەش بڵێین کە هیچ یەک لەو ووڵاتانە پێویستیەکیان بە حیزبە کوردیەکان نەماوە، تابۆ بەرژوەندیە سیاسیەکانیان بەکاریان بهێنن. ئەمەش ئەو دۆخە هەستیارەیە کە لەڕای گشتیدا بە هەرەس یا کۆتایی حکومەتی هەرێم تەعبیری لێدەکرێت. لەوانەیە حکومەتی عێراق و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە پێشتر ترسیان لەپارتی و یەکیتی هەبوبێت کە لە نەیارەکانیان نزیک ببنەوە، بەڵام گۆڕانی دۆخەکە ئەو ترسەی نەهێشت. هەروەها لەبەر چۆنیەتی و پەیگیری لە پەیوەندیەکانیان پێویستیان بەوە نیە دۆستایەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکەن یان لەبەرامبەر یەکتردا یارمەتی هەرێم بدەن.
هەر بۆیە بچوکردنەوەی قەوارەی هەرێم و زیاتر لاوازکردنی پێگەی سیاسی و ئابوری و دیبلۆماسیەکەی لەگەڵ چونەپێشەوەی ڕوداوەکاندا، زیاتر ڕادەستکردنی بە سیاسەت و نەخشەی ناوەندبونەوەی عێراق نزیک دەکاتەوە. دواتریش هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی سەربەخۆ و جیاواز، تەواو پوچەڵ دەبێتەوە. ئەوەش کە ئێستا دەیبینین پرۆسەی گەڕانەوە بۆ بەغدا تا ئاستی ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوت، داهاتی خاڵە سنوریەکان و دامەزراندنی سوپای عێراق لەسەر سنورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیاو سووریا وئێران، بەشێکی جێبەجێ کراون.
ئەتوانین بەگشتی ئەوە درک پێبەکەین کە بارزانی و تاڵەبانی لە قەیرانێکدا دۆشداماون. ڕووناکی و پەناگایەک شک نابەن لەم بنبەستە دەریان بهێنێت. تەنها چاوەڕوانی موعجیزەی ڕوداوێکن لە ئەگەری ئەوەی دەرگای دەرچونی ئەم گێژاوەیان لێ بکاتەوە. ئەوەی شایانی باسە ڕوودانی شەڕی ئیسرائیل و حەماس و ململانێی لایەنەکانی بەشدار لەم شەرەداو مەترسی فراوانبونەوەی ئەم شەڕە لەسەر ناوچەکە، ئەگەری ئاماژەیەک دەستنیشان ناکات کە هیچ سودێکی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەبێت.
لەم کەین و بەینەدا، ئەوەی بەدەستیانەوە ماوە یەکلاییکردنەوەی موچەی پێشمەرگەو فەرمانبەران و مامۆستایانە. لەم بارەیەوە بەغدا دەمێکە وەک وەرقەیەکی فشار مامەڵە بە مەسەلەی موچەوە دەکات، تا پێگەو قەوارەی هەرێم زیاتر بێبایەخ نیشان بدات. حکومەتی بارزانی و تاڵەبانی بەلەدەستدانی ئەو ئیمتیازانەی شانازییان پێوەدەکرد بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسیان لە هەرێمدا، بەتایبەتی بازرگانی بەنەوت، شکۆی دەسەڵاتەکەیانی هێناوەتەخوارەوە. بۆیە گەر هەر دابەزینێک لە ئاستی پێگەو ئیعتباری سیاسیان ڕویدابێت ئەگەرێتەوە بۆئەو حاڵەتەی تێی کەوتون.
ئاشکرایە کە دابینکردنی موچە ئەتوانێ بوارێک بێت بۆ ئاستێک لە پاراستن و ڕاگرتنی پێگەی سیاسیان، بەڵام ئەوەی خاڵی لاوازی ئەم دۆخەیە، حکومەتی هەرێم وەها نیشان ئەدات بەبێ بەغدا، ناتوانێ ئەو موچەیە وەک پێویست دابین بکات. بەپێی دەستورێک کە هیچ بەهایەکی نەماوە، ئەوە ڕادەگەیەنن هەگبەکەیان خاڵیەو کاری بەغدایە موچەکەیان ڕادەستکات و ئەمان دابەشی بکەن. هەڵبەتە کێشمەکێشی هەرێم و بەغدا لەسەر موچە بێنەوبەرەیەکی زۆرە لە حساباتی هەردولایاندایەو هەر لایەنێکیان بەڵگە دەهێنێتەوەو قسەی لەسەر دەکرێت، تا ئەو ئاستەی باس لەوەدەکرێت کە ئەم موچەیە باشتر وایە ڕاستەوخۆ بەغدا خۆی دابەشی بکات. هەرێمیش بەم پێشنیارە زۆر توڕەو قەڵسە، چونکە بەجیا لەوەی هەر سودێک و دزیەک و ناڕۆشنیەک لە چۆنیەتی دابەشکردنەکەیدا بۆ سەرکردەکانی هەرێم قسەی لەسەر هەبێت، بەڵام لێسەندنەوەی دابەشکردنی ئەو موچەیە لە حکومەتی هەرێم، مانای کۆتایی پێکهاتەی حکومەتی هەرێمە. بۆیە حزبە دەسەڵاتدارەکان لە هەرێم تا بتوانن خۆیان نادەن بەدەستەوەو قەبوڵی ناکەن بەغدا بۆ خۆی ڕاستەوخۆ ئەو موچەیە دابەش بکات. بە مانایەک کێشەی ئەم موچەیە بۆتە بەڵا لەسەر قەبارەی هەرێم. لەهەمانکاتدا بەغداش لەسەر ئەم موچەیە بەهەر حساباتێک کە لێپرسینەوە دەکات لەسەر داهات و خەرجی هەرێم، ئێستا وەک گەمەیەک و یاریکردن بەدەسەڵاتی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان ئەملاوئەولایان پێدەکات و شکۆی ئعیتباری سیاسیان زیاتر دادەبەزێنێت، تائەوکاتەی هەلێکی گونجاو لە هەلومەرجی سیاسی ناوچەکەو عێراقدا دەڕەخسێت، کە بتوانن حکومەتی هەرێم هەڵوەشێننەوە. واتە لە ئێستادا پێکەوەلکاندنیپەیوەندی نێوان "موچە و قەوارەی هەرێم" و ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوانیان، ئەو کارتەیە کە حکومەتی عێراق لە کاتێکی دیاریکراودا ئەتوانی بڕیار لەسەر چارەنوسی حکومەتی هەرێم بدات..!
ناوەڕۆکی ئەم کێشمەکێشە کە قوربانیەکەی پێشمەرگەو فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێم و خێزانەکانیانە. لەهەمانکاتدا هۆکاری نارەحەتی گوزەرانی زۆرێنەی خەڵکی کوردستانە. ئاشکرایە ئەو لایەنانەی حکومەتی هەرێمیان پێکهێناوە، باش دەزانن ئاکامی ئەم یاریکردنە بەرەو کوێیان دەبات. بەڵام بەدروشمی کوردایەتی و فەزڵفرۆشی و منەتکردن بەسەر خەڵکدا ئەوەندە نابەرپرسن، هیچ هەنگاوێک نانێن کە لایەک لە ژیانی ئەو خەڵکە بکەنەوە.